سه‌ره‌تایه‌ك له‌ زانستی قورئانی پیرۆز وه‌رگێرانی ماناكانی

ئه‌م بابه‌ته‌ بریتیه‌ له‌ وه‌رگێرانی ووتارێك سه‌باره‌ت به‌ (سه‌ره‌تایه‌ك له‌ زانستی قورئانی پیرۆز وه‌رگێرانی ماناكانی) له‌ نووسینی ده‌سته‌ بژێرێك له‌ زانایان، له‌م ووتاره‌دا پێناسه‌ی قورئانی پیرۆز كراوه‌، له‌گه‌ڵ باسكردنی چۆنیه‌تی دابه‌زینی بۆ سه‌ر پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم )، پاشان باس له‌ كۆكردنه‌وه‌ی قورئان وچۆنیه‌تیه‌كه‌ی ده‌كات، له‌گه‌ل ته‌رتیب كردنی سوره‌ت وجوزئه‌كان وحزبه‌كان، هه‌روه‌ها جۆره‌كانی ته‌فسیر و وه‌رگێرانی قورئان بۆ سه‌ر زمانه‌ جیاوازه‌كانی تری غه‌یری عه‌ره‌بی .

اسم الكتاب: مقدمة في علوم القرآن الكريم وترجمة معانيه


تأليف: جماعة من العلماء


الناشر: مجمع الملك فهد لطباعة المصحف الشريف qurancomplex.gov.sa


نبذة مختصرة: كتاب مترجم إلى اللغة الكردية، فيه التعريف بالقرآن الكريم، وكيفية نزوله على رسول الله - صلى الله عليه وسلم -، وجمع القرآن وكيفيته، وترتيب السور والاجزاء والأحزاب، وأنواع التفسير، وترجمة معاني القرآن إلى لغات غیر عربیة.


سه‌ره‌تایه‌ك له‌ زانستی قورئانی پیرۆز وه‌رگێرانی ماناكانی
<  kurdish  -كردي - كوردی  >

 

 

ده‌سته‌ بژێرێك له‌ زانایان



 


وه‌رگێرانی: ده‌سته‌ی به‌شی كوردی له‌ ماڵپه‌ری ئیسلام هاوس
پێداچونه‌وه‌ی: پشتیوان سابیر عه‌زیز

 


 

مقدمة في علوم القرآن الكريم وترجمة معانيه

 

 

نخبة من العلماء



 


ترجمة : فريق اللغة الكردية بموقع دار الإسلام
مراجعة: بشتیوان صابر عزیز
 
سه‌ره‌تایه‌ك له‌ زانستی قورئانی پیرۆز وه‌رگێرانی ماناكانی
 
 
سوپاس وستایش بۆ خوای گه‌وره‌ ومیهره‌بان وه‌ درود وصه‌ڵات وسه‌لام بۆ سه‌ر محمدی كوڕی عه‌بدوڵا و ئال وبه‌یت و یار ویاوه‌ر و شوێنكه‌وتوانی هه‌تا هه‌تایه‌.  
   ڕێخۆشکردن :
   قورئانی پیرۆز فەرمایشتی خوایە، بەشێوەیەک لە رووی واتا و لەرووی دەقیشەوە دابەزیوەتە سەر پێغەمبەری خوا موحەممەد ( صلى الله عليه وسلم ) کە پێغەمبەری رەحمەتە بۆ ھەموو جیھانیان، تا ھەم موژدەبەخش و ھەم وریاکەرەوە و ھەم بە فەرمانی خوا بانگخوازی رێی خوا و چرای رووناکی بێت، لێرەدا بە پوختی پێناسەیەکی قورئان و پەیامی قورئان دەکەین:
   پێناسەیەکی گشتی قورئانی پیرۆز:
   یەکەم: پێناسەی قورئان و روونکردنەوەی ناو و سیفەتەکانی:
   قورئانی پیرۆز فەرمایشتی خوایە کە دەربڕین و واتایشی ھی خوایە و دابەزیوەتە سەر پێغەمبەری خوا موحەممەد ( صلى الله عليه وسلم )  و لە پەڕاودا نووسراوەتەوە و بە تەواتور نەقڵ کراوە، وە ھەرکەس بیخوێنێتەوە بە پەرستش وعیبادەت بۆی حسابە.
   خوای گەورە ئەو وەحیەی دایبەزاندووە بۆ پێغەمبەر ( صلى الله عليه وسلم ) ناوی ناوە قورئان، ئــەوەتــا دەفەرموێت: ﱡﭐ  ﳔ  ﳕ ﳖ ﳗ ﳘ ﳙ ﳚ ﱠ  ( )واتا : بێگومان ئێمه‌ قورئانمان بۆ ناردیته‌ خوارێ به‌ ناردن،  - به‌ به‌ش به‌ش -.
   بۆیە دەبێت قورئان بخوێنرێتەوە و نابێت کەنار بخرێت و وازی لێ بھێنرێت.
   ھەروەھا خوای گەورە ناوی ناوە کیتاب وەک دەفــەرمـوێت : ﱡﭐ ﲶ ﲷ ﲸ ﲹ ﲺ ﱠ  ( )، واتا : ئەی موحەمەد بێگومان ئێمە قورئانمان بەھەق وڕاستی بۆتۆ دابەزاند .
   لەم ئایەتە پیرۆزەدا قورئان بە کتێب ناو ھێنراوە چونکە دەبێت بنووسرێتەوە وپشتگوێ نەخرێت.
   خوای گەورە وەسفی قورئانی کردووە بە ( فورقان، ذیکر، ھودا، نور، شیفا، مەوعیظە )،           ( جیاکەرەوە، یاد و زیکر، رێنموونی، رووناکی، شیفا، ئامۆژگاری)، چەندین وەسفی تری کردووە کە ھەموویان ئاماژەن بە گەورەیی قورئان و تەواوی و کامڵی پەیامەکەی.
   وشەی موصحەف لە صوحوفەوە وەرگیراوە واتە : ئەو پەڕەی کە قورئانی لەسەر نووسراوەتەوە و ھاوەڵان وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو پەڕاوە بەکاریان ھێناوە کە قورئانی تێدا نووسراوەتەوە.
   قورئانی پیرۆز سروش و وەحی خواییە، کە جوبرەئیل سەلامی خوای لێ بێت دایبەزاندووە بۆ سەر دڵی پێغەمبەر موحەممەد ( صلى الله عليه وسلم ) ، وەک خوای گەورە دەفەرموێت : ﱡﭐ ﲃ ﲄ ﲅ ﲆ ﲇ ﲈ ﲉ ﲊ  ﲋ ﲌ ﲍ ﲎ ﲏ ﲐ ﲑ ﲒ ﲓ ﲔ  ﲕ ﲖ ﱠ ( ) واتا : بێگومان ئەم قورئانە دابەزێنراوی پەروەردگاری جیھانیانە * جوبرەئیلی ئەمین ھێنایە خوارەوە * بۆ سەر دڵی تۆ بۆ ئەوەی لە ترسێنەران بیت * بە زمانێکی عەرەبی ڕوون و ڕەوان .
   ئەمەش شتێکی نوێ نەبووە بۆ پێغەمبەر ( صلى الله عليه وسلم )  کە پەیامی بۆ دابەزێت، بەڵکو پێغەمبەرانی پێش خۆی کە برای پێغەمبەرن ( صلى الله عليه وسلم )  لەلایەن خواوە لەرێی جوبرەئیلەوە پەیامیان بۆ دابەزیوە، خوای گەورەش بۆ ئەو سپاردە گەورەیە بە ویستی خۆی کەسانێکی ھەڵبژاردووە، وەک دەفەرموێت : ﱡﭐ ﱬ ﱭ ﱮ ﱯ  ﱰ ﱱ ﱲﱳ ﱴ ﱵ ﱶ ﱷ ﱸ ﱠ ( ) واتا : خوا لەناو فریشتەکان و خەڵکیدا فروستادە و نێرراو ھەڵدەبژێرێت، بەڕاستی خوا بیسەری بينايه‌ .
   خواش زاناترە کێ شیاوە بۆ ئەو کارەو کێ گونجاو نیە بۆ ئەو ئەرکە، چونکە خۆی ھەموانی بەدیھێناوە، وەک دەفەرموێت : ﱡﭐ  ﲭ  ﲮ ﲯ ﲰ ﲱﲲ ﱠ  ( ) واتا: ئەی موحەممەد پەروەردگارت ئەوەی بیەوێت دروستی دەکات وھەڵی دەبژێرێت.
   دووەم: دابەزینی قورئانی پیرۆز:
   دابەزینی قورئانی پیرۆز بۆ سەر پێغەمبەر ( صلى الله عليه وسلم )  لە رۆژی دووشەممە حەڤدەی رەمەزانی ساڵی ٦١٠ زایينی، و لە ئەشکەوتی حەرائدا کە دەکەوێتە ناو شاخێکی مەککەی موکەرەمەوە دەستی پێکرد، جوبرەئیل ئەم ئایەتانەی بۆ دابەزاند: ﱡﭐ ﲅ ﲆ ﲇ ﲈ ﲉ ﲊ ﲋ ﲌ ﲍ ﲎ ﲏ ﲐ ﲑ  ﲒ ﲓ ﲔ ﲕ ﲖ ﲗ ﲘ ﲙ ﲚ ﲛ ﲜ ﲝ ﱠ  ( )واتا : ئەی موحەممەد بخوێنە بەناوی پەروەردگارتەوە کە ھەموو شتێکی دروستکردووە * مرۆڤی دروستکردووە لە خوێنێکی بەستوو * بخوێنە پەروەردگاری تۆ لەھەموو کەس بەخشندەترە * ئەوەی کە مرۆڤی فێری نووسین کردوووە بە قەڵەم * مرۆڤی شارەزا کردووە بەو شتانەی کە نەیدەزانی .
   ئەمەش یەکەم وەحی وسروشی خوایی بوو دابەزی بۆ سەر پێغەمبەر( صلى الله عليه وسلم ).
   پێغەمبەر ( صلى الله عليه وسلم )  بە شڵەژاوی و دڵەتەپێوە گەڕایەوە و ترسی لێ نیتشبوو، بەسەرھاتەکەی گێڕایەوە بۆ خەدیجەی دایکی باوەڕداران رەزای خوای لێ بێت، بە خەدیجەی فەرموو (من لە خۆم دەترسم- دەترسم تووشی شتێ بم-)، ئەویش وەڵامی دایەوە و ووتی : (نەخێر، موژدەت لێ بێت، بەخوا، خوای گه‌وره‌ ھەرگیز سەرشۆڕت ناکات، تۆ پەیوەندی خزمایەتیت ھەیەو قسەت راستەو ئەرک و بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ دەگریت و رێزی میوان دەگریت و پاڵپشتی راستیت)، ئه‌مجا خەدیجە پێغەمبەری خوای ( صلى الله عليه وسلم )  برد بۆ لای وەرەقەی کوڕی نەوفەل کە پیاوماقووڵ و داناو قسەرۆیشتوویەکی مەککە بوو، خەدیجە پێی ووت مامە گیان گوێ لە برازاکەت بگرە، کە پێغەمبەر ( صلى الله عليه وسلم ) بەسەرھاتەکەی بۆ وەرەقە باسکرد، وەرەقە پێی ووت ئەوە ھەمان ئەو فریشتەیە ( ) کە دابەزیوە بۆ سەر مووسا، خۆزگە کاتی پێغەمبەرایەتی تۆ من گەنجێ دەبووم، زیندووش بوومایە کاتێک ھۆزەکەت لە شارەکەت دەرتدەکەن، پێغەمبەریش( صلى الله عليه وسلم )  بە سەرسوڕمانەوە فەرمووی ( مەگەر ئەوان من دەردەکەن؟ ) وەرەقە وتی بەڵێ، ھەرکەسێ ئەم پەیامەی تۆی پێ بووبێت وەدەر نراوە، ئەگەر بگەمە ئەو رۆژە بە تەواوی توانام پشتیوانیت دەکەم، دوای ئەو دیدارە زۆری نەخایاند وەرەقە کۆچی دوایی کرد.
   ھەموو قورئان بە جارێ دانەبەزی بۆ سەر پێغەمبەر ( صلى الله عليه وسلم )، لەکاتێکدا بۆ پێغەمبەرانی پێشوو پەیامی خوا بە یەک جار دادەبەزی، بەڵام بۆ پێغەمبەر ( صلى الله عليه وسلم )  بە بەش بەش دابەزی و ماوەی بیست و سێ ساڵی خایاندا، جار ھەبوو سوورەتێ بە تەواوی دادەبەزی، و جاریش ھەبوو چەند ئایەتێک لە سوورەتێک دادەبەزی.
   حیکمەتی بەشبەش دابەزینی قورئان بۆ ئەوە بوو دڵی پێغەمبەر ( صلى الله عليه وسلم )  بەرگەی بگرێت و ھەردەم بە سەرلەنوێ دابەزینی سروش لەلایەن جبرەئیلەوە تواناو گوڕوتینی پێغەمبەر ( صلى الله عليه وسلم )  زیاتر بێت و زیاتر توانای بەرنگاربوونەوەی زبری و ھێرشی بێباوەڕانی هه‌بێت، چونکە ئەوان لە سەرەتای پێغەمبەرایەتیەوە زۆر دژایەتی پێغەمبەریان ( صلى الله عليه وسلم )  دەکرد، وەک خوای گەورە دەفەرموێت: ﱡﭐ ﲾ ﲿ ﳀ ﳁ ﳂ ﳃ ﳄ ﳅ  ﳆﳇ ﳈ ﳉ ﳊ ﳋﳌ ﳍ ﳎ ﳏ  ﱠ ( ) واتا: ئەوانەی بێباوەڕ بوون دەیانووت : بۆچی موحەممەد ھەموو قورئانی بەیەکجار بۆ دانەبەزێنراوە، ئا بەو جۆرە دامانبەزاندوووە بۆ ئەەی دڵی تۆی ئەی موحەممەد بەو قورئانە دامەزراو وبەھێز بکەین، وە بەو بۆنەیەوە ئایەتەکانی خۆمم بەرە بەرە بۆن ناردن.
   ھەروەک ئەو بەشبەش دابەزینە حیکمەتێکی پەروەردەیی گەورەیشی ھەبوو، ئەویش ئەوەیە موسڵمانان فێر بن لە زانست و پەیڕەوی حوکمەکانی دیندا پلەبەندی و ھەنگاو بەھەنگاو فێربن، تا ھەم فێربوون و ھەم تێگەیشتنی ئاسانتر بێت بۆیان و بە ئاسانی لەو تاریکی و کوفر و بێباوەڕیەی ھەبووەو ھەیە دەرباز بن و بچنە ناو رووناکی ئیمان و زانست و یەکخواپەرستی.
   

سێهەم : نووسینەوەی قورئانی پیرۆز:
   لە گرنگترین پێناوەکانی پاراستنی دەق نووسینەوەیەتی، ئەو وتەی نەنووسرێتەوە دەکرێت بیربچێتەوە، قورئانی پیرۆزیش کە بۆ رێنموونی مرۆڤایەتی دابەزیوە تا رۆژی دوایی، ھەر دەبوو بنووسرایەتەوە.
   نووسینەوەی لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی پێغەمبەردا ( صلى الله عليه وسلم )  بوو، ئەوەبوو فەرمانی کرد بە ھەندێ لە ھاوەڵانی کە نووسینیان دەزانی تا قورئانی پیرۆز بنووسنەوە و ئەوانی کرد بە نووسەرەوەی وەحی، دیارترینیان زەیدی کوڕی ثابتی ئەنصاری بوو رەزای خوای لێ بێت ( ) .
   کاتێک وەحی دادەبەزی بۆ پێغەمبەر( صلى الله عليه وسلم )، لەبەری دەکرد و دواتر دەیخوێندەوە بۆ یەکێک لە نووسەرەوەکانی وەحی تا بینووسێتەوە، دەیفەرموو ( ئەو ئایەتانە لەو سوورەتەدا دابنێن کە تیایدا باسی ئەوە و ئەوە کراوە) ( ) ئیتر ناوی سوورەتەکەی دەبرد بۆیان و فەرمانی دەکرد تیایدا ئەو ئایەتانە بنووسنەوە، دواتر فەرمانی دەکرد ھاوەڵان فێری ئەو ئایەتانە بن و لەبەری بکەن، ئەوەبـــوو لــە سـەردەمـی پێغـەمـبەردا ( صلى الله عليه وسلم ) ھەموو قورئان لەسەر پێستە نووسرایەوە( ) .
   جوبرەئیل سەلامی خوای لێ بێت ھەموو ساڵێک جارێک قورئانی لەگەڵ پێغەمبەر( صلى الله عليه وسلم )  دەور دەکردەوە، لە کۆتا ساڵی ژیانی پێغەمبەریش ( صلى الله عليه وسلم )  دوو جار قورئانی لەگەڵ دەورکردەوە، ئەمەش بەپێی ریزبەندی ئایەت و سورەتەکانی، ھەمان چەشنی ئەم قورئانەی ئێستا لەبەردەستی موسڵمانانە، ئەمەش بەدیھاتنی فەرمایشتی پەروەردگارە کە فەرموویەتی : ﱡﭐ ﳎ ﳏ ﳐ  ﳑ ﳒ ﳓ ﳔ ﳕ ﳖ ﳗ ﱠ ( )  واتا: بەڕاستی وەک بەڵێنمان داوە بێگومان لەسەر ئێمەیە کۆکردنەوەی قورئان لەسنگتدا و خوێندنەوەی * ئەمجا کاتێک کە قورئانمان بەھۆی جوبرەئیلەوە بۆ خوێندیتەوە، تۆیش شوێن خوێندنەوەی ئەو بکەوە، ھەروەھا فەرموویەتی: ﱡﭐ  ﲤ  ﲥ ﲦ ﲧ ﱠ( ) واتا: ئەی موحەممەد قورئانت بەسەردا دەخوێنینەوە کە ھەرگیز بیرت ناچێتەوە.
   چوارەم : کۆکردنەوەی قورئانی پیرۆز لە پەڕاودا:
   پاش وەفاتی پێغەمبەر( صلى الله عليه وسلم )  خەلیفەی راشیدی ئەبووبەکری صدیق رەزای خوای لێ بێت فەرمانی کرد قورئانی پیرۆز لە پەڕاودا کۆبکرێتەوە تا بە مەرگی کەسانێ قورئانیان لەبەربوو یان بە فەوتانی پەڕە نووسراوەکانی قورئان ھیچ لە قورئان نەفەوتێت، زەیدی کوڕی ثابت کە نووسەرەوەی وەحی بوو ئەم ئەرکەی لە ئەستۆ گرت، پاش پێداچوونەوە و جەختکردنەوە لە ھاوشێوەبوونی دەقەکانی قورئان چ ئەوەی لە پەڕەکان نووسرابوویەوەو چ ئەوەی لە دڵەکاندا تۆمار بوو ھەمووی نووسیەوەو نوسخەکەی دایە دەست ئەبووبەکری صدیق تا ئەوەی ئەبووبەکر وەفاتی کرد، دواتر لە ماڵی خەلیفەی دووەم عومەری کوڕی خەتتابدا پارێزرا تا ئەویش وەفاتی کرد، دواتر لە ماڵی دایکی باوەڕداران حەفصەی کچی عومەردا پارێزرا ( ).
کاتێک ئیسلام بڵاوبۆوه‌، موسڵمانان چەند نوسخەی قورئانیان لەبەردەست بوو و دەیانخوێندەوە، ھەندێ لە ھاوەڵان پێشنیاریان کرد بۆ خەلیفەی راشیدی عوثمانی کوڕی عەففان ( رەزای خوای لێ بێت) تا ھەموو نوسخەکانی قورئان بکات بە یەک تا ھەموو موسڵمانان لە خوێندنەوەیدا پێشەنگی پێوە بکەن، ئەویش فەرمانی کرد بە دەستەیەک لەوانەی قورئانیان لەبەربوو و ناسرابوون بەوەی خوێندەواریشیان ھەیە تا ئەو ئەرکە بەجێبگەیەنن، لە سەروو ھەموویشیانەوە زەیدی نووسەرەوەی وەحی بوو، پشتیشیان بەست بەو نوسخەی کە لە سەردەمی ئەبووبەکری صدیقدا کۆکرابوویەوەو نووسرابوویەوە، ھەموو نوسخەکانیان لە یەک نوسخەدا کۆکردەوەو چەند نوسخەیەکیان لەبەرگرتەوەو بۆ ھەر ناوچەیەکی جیھانی ئیسلامی نوسخەیەکیان نارد و فەرمان کرا موسڵمانان لەسەر ئەو نوسخە چەند نوسخەی تر بگرنەوە.
ھەموو نوسخەکانی قورئان کە لەمڕۆدا ھەن چ ئەوانەی بە دەست نووسراونەتەوە و چ ئەوانەی لە چاپخانەکان چاپ کراون، ھەموویان بنەڕەتیان دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەو نوسخانەی سەردەمی عوثمانی کوڕی عەففان، چ لە دەق و چ لە ریزبەندیدا ھیچ جیاوازیەکیان نیە.
پێشتر و لەمڕۆشماندا موسڵمانان گرنگییان داوە بە چاپکردنی نوسخەی قورئانی پیرۆز و پێناو و کەرەستە نوێکانیان بۆ خزمەتی ئەو مەبەستە بەکارھێناوە تا جوانترین نوسخەی قورئان بخەنە بەردەستی خەڵکی لەسەر ھەمان شێوەی نوسخەکەی سەردەمی خەلیفەی راشیدی عوثمانی کوڕی عەففان کە ناسراوە بە رەسمی عوثمانی.
پێنجەم: ریزبەندی و بەشبەشکردنی قورئانی پیرۆز:
قورئانی پیرۆز بە سوورەتی فاتیحە دەست پێدەکات و بە سوورەتی الناس کۆتایی دێت و لە (١١٤) سوورەت پێکدێت، ئەم ریزبەندیە ته وقيفيه، واتە لە پێغەمبەری خواوە ( صلى الله عليه وسلم )  وەرگیراوەو پشت نابەستێت بە ریزبەندی دابەزینی ئایەتەکان، جا یەکەم سوورەت کە دابەزی سوورەتی العلق بوو، وه‌ ریزبەندیەکەی سورەتی (٩٦)  ھەمینە لە قورئاندا، ھاوەڵان ریزبەندی ئایەت و سوورەتەکانیان دەزانی بەھۆی ئەوەی پێغەمبەر ( صلى الله عليه وسلم )  قورئانی پیرۆزی دەخوێندەوە بۆیان ( )
   لەمڕۆدا قورئانی پیرۆز بۆ سی بەش واتا : (٣٠) جوزء  دابەش بووە و ھەر جوزئێکیش دوو حیزبە و ھەر حیزبێکیش دابەش بووە بۆ چوار چارەک، زۆربەی ئەم دابەشکاریەش ئیجتیھادی زانایان بووە تا لە خوێندنەوەی قورئانی پیرۆزدا ئاسانکاری بکەن بۆ موسڵمانان.
   شەشەم: فێربوونی قورئانی پیرۆز:
   موسڵمانان گرنگیەکی زۆریان داوە بە فێربوون و لەبەرکردن و خوێندنەوەی دەقەکانی قورئانی پیرۆز بە ھەمان ئەو شێوەی کە دابەزیوە بۆ سەر پێغەمبەر ( صلى الله عليه وسلم )  و قورئانخوێنانی ناو ھاوەڵان چۆن تابعیەکانیان بە جوانی فێر کردووەو لەسەر ھەر ئایەتێک رایانوەستاندون تا جوان واتاکەشی بزانن، ئەوانیش ھەم فێری بون و ھەم کارپێکردنیشی فێر بوون، دواتر ئەو تابعیانەی قورئانیان لەبەربوو خوێندنگەیان دامەزراند بۆ قورئان خوێندن و ئەو جۆری خوێندنەوەی لە ھاوەڵانەوە فێری بووبوون ئەوانیش خەڵکیان فێر دەکرد، ئیتر بەو شێوەیە لەرووی دەربڕین و دەق و ژمارەی پیت و ریزبەندی سوورەت و ئایەتەکانی و تەجوید و جوان خوێندنەوە و چۆنێتی خوێندنەوەی چۆن لە ھاوەڵانیان وەرگرتبوو وا خەڵکیان فێر دەکرد، ئیتر بەردەوام قورئانی پیرۆز فێری خەڵک دەکرا و خوێندکار لە مامۆستاکەیەوە بە دەمی و بە زمانی پاراوی عەرەبی فێر دەبوو ھەمان چەشنی ئەوەی دابەزیبوو بۆ سەر پێغەمبەر ( صلى الله عليه وسلم )  تا ئەمڕۆ وا فێرکردنی خەڵک بەردەوامە.
   قورئانی پیرۆز بە چەند قیرائەیەک دەخوێندرێت کە ئەویش چۆنێتی دەربڕینی وشەو پیتەکانی قورئانە و تابعیەکان لەو ھاوەڵانەوە وەریانگرتبوو کە قورئانیان لە پێغەمبەرەوە ( صلى الله عليه وسلم )  وەرگرتبوو، وە پێغەمبەر ( صلى الله عليه وسلم )  دەرفەتی پێدابوون بەو چەشنە بیخوێنن، بەناوبانگترینیان لە سەردەمی ئەمڕۆماندا خوێندنەوەی عاصیمە لە گێڕانەوەی حەفصی کوڕی سولەیمانی خوێندکاریەوە، ھەروەھا خوێندنەوەی نافیع لە عوسمانی کوڕی سەعیدی خوێندکاریەوە کە بە وەرش ناسراوە، ھەروەھا خوێندنەوەی دووری لە ئەبی عەمری بەصری، و گێڕانەوەی قالوون لە نافیعەوە.
   حەوتەم: تەفسیری قورئانی پیرۆز:
   تەفسیری قورئان واتە روونکردنەوەی واتاکانی، لە مه‌به‌ست واتای قورئان تێناگەیت ئەگەر لەسەر واتاو دەلالەتی قورئان رانەوەستیت، خوای گەورە قورئانخوێنانی ھانداوە تا لە واتاکانی قورئان تێبگەن، وەک دەفەرموێت: ﱡﭐ ﱢ ﱣ ﱤ ﱥ ﱦ ﱧ ﱨ ﱩ  ﱪ ﱫ ﱠ  ( )واتا : ئەم قورئانە کتێبێکی پیرۆزە ناردومانەتە خوارەوە بۆت، بۆ ئەوەی بیر بکەنەوە لە ئایەتەکانی، وە خاوەنانی بیر وژیری پەندی لێوەبرگن .
   تەدەببوریش واتە تێگەیشتن وبیرکردنەوە لە مانا و مەبەستەکانی .
   ھەر واتایەکی قورئانی پیرۆز ناروون بوایە پێغەمبەر( صلى الله عليه وسلم ) روونی دەکردەوە بۆ ھاوەڵان، بەڵام شارەزایی ئەوان لە زمانی عەرەبی لەو کاتەدا و دابەزینی قورئانی پیرۆز بە زمانی خۆیان وایکرد پێویستیان بەوە نەبێت سەبارەت بە واتاکانی قورئان پرسیار بکەن، دواتر بە تێپەڕبوونی کات خەڵکی پێویستییان بە تەفسیر زیادی کرد.
   ئەوەی لە پێغەمبەر( صلى الله عليه وسلم ) و ھاوەڵان و خوێندکارە تابعیەکانیانەوە سەبارەت بە تەفسیری ئایەتەکان ھەبووە  دەست کەوتووە، ئەوانە بنەڕەتی زانستی تەفسیرن، بەوەش دەوترێت تەفسیری مەئثوور کە بە گرنگترین پێناوی تێگەیشتن لە قورئان دادەنرێت، چونکە تێگەیشتنی نەوەی یەکەم لە ئایەتەکانی قورئانی پیرۆزمان بۆ روون دەکاتەوە، چونکە نەوەی یەکەم چاک شارەزای زمانی عەرەبی بوون و لەگەڵ بار و رووداوەکانی کاتی دابەزینی قورئانی پیرۆزدا دەژیان.
   جۆرەکانی تەفسیر:
   چەندین ئاراستەی زانایان تەفسیر بەدیدەکەین، ئەمەش لەبەر زۆری بوارە زانستیەکانیان، تەفسیر ھەیە گرنگی دەدات بە لایەنی زمانەوانی قورئانی پیرۆز، ھەیە گرنگی دەدات بە لایەنی حوکمە فیقھیەکان، ھەیە گرنگی دەدات بە لایەنە مێژوویی، یان عەقڵی، یان ڕەفتاریەکانی قورئانی پیرۆز، لەسەر ئەم بنەمایە زانایان تەفسیریان بۆ دوو بەش دابەش کردووە:
-    تەفسیری مەئثوور : ئەوەیە لە پێغەمبەر ( صلى الله عليه وسلم )  و ھاوەڵان و تابعیەکانەوە وەرگیراوە.
-    تەفسیرکردن بە راو بۆچوون و ئیجتیھاد : کە پشتی بەستووە بە چەند بنەڕەتێکی دروستی زانستی.
چاکترین جۆری تەفسیر و مەرجەکانی:
تەفسیری مەئثوورە کە پێشتر باسمان کرد، چونکە ئەمە لە پێغەمبەری خوا ( صلى الله عليه وسلم )  یان لە ھاوەڵانی یان لە تابعینەوە نەقڵ کراوە، ئەوانەش لە ھەموو کەس زیاتر شارەزان بە واتاو مەبەستی قورئان، ئەگەریش بۆ تێگەیشتن لە ئایەتێکی قورئان پێویست بکات زیاتر لە تەفسیری مەئثوور وەربگریت ئەوە پێویستە کەسی موفەسیر وریای ئەم مەرج و رێنماییانە بێت:
   یەکەم: رەچاوکردنی ئەو واتا و مەبەستەی لە تەفسیری مەئثووردا چەسپاوەو باس نەکردنی بابەتێکی نەگونجاو لەگەڵ ئەو تەفسیرەدا.
   دووەم: تەفسیرەکە لەگەڵ واتا گشتیەکانی قورئان و سوننەتی صەحیحدا بگونجێت، دروست نیە تەفسیرێک بخاتەڕوو کە لەگەڵ ئەو واتایانەدا نەیار و نەگونجاو بێ، بەڵکو ئایەتەکانی قورئان راڤەی یەکدی دەکەن و پێکەوە نەگونجاو نین، سوننەی صەحیحیش بۆ روونکردنەوەو نیشاندانی واتای کۆی گشتی پەیامی قورئانی پیرۆزە.
   سێهەم: شارەزابوون لە رێزمان و زمانی عەرەبی لە دەربڕین و پێکھاتەی رستە و بوارەکانی بەکارھێنانیدا، جا قورئانی پیرۆز بە زمانی عەرەبی دابەزیوە، بۆیە پێویستە لە سایەی رێزمانی عەرەبیدا ھەوڵی تێگەیشتن لە قورئان بدرێت.
   چوارەم: گەڕاندنەوەی ئایەتە موتەشابیھەکانی ناو قورئان بۆ ئایەتە موحکەمەکان، چونکە قورئانی پیرۆز خۆی راڤەی خۆی دەکات، زۆربەی ئایەتەکانیش موحکەم و روونن، ھەیانە موته‌شابیھە و واتای روون نیە و پێویستە بۆ تێگەیشتن لێیان بگەڕێینەوە بۆ ئایەتە موحکەمەکان تا یارمەتیمان بدەن لە واتاو روونی مەبەستی ئەو ئایەتانە تێبگەین، خوای گەورە دەفەرموێت : ﱡﭐ  ﲇ  ﲈ ﲉ ﲊ ﲋ ﲌ ﲍ ﲎ ﲏ ﲐ ﲑ  ﲒ ﲓﲔ ﲕ ﲖ ﲗ ﲘ ﲙ ﲚ ﲛ ﲜ  ﲝ ﲞ ﲟ ﲠ ﲡﲢ ﲣ ﲤ ﲥ ﲦ ﲧﲨ  ﲩ ﲪ ﲫ ﲬ ﲭ ﲮ ﲯ ﲰ ﲱ ﲲﲳ ﲴ ﲵ  ﲶ ﲷ ﲸ ﲹ ﱠ  ( ) واتا : ئەو خوایە قورئانی بۆ ناردویتە خوارەوە ھەندێکی ئایاتی ڕۆشنن کە بنەڕەتی قورئانن، وە ئەوانی تریان ئایەتانێکن کە مەبەستەکانیان ڕوون وڕۆشن نین، ئەمجائه‌وانه‌ی کە لەدڵیاندا لادان چەوتی ھەیە دوای ئەو ئایەتانە دەکەون کە لە قورئاندا موتەشابیھو وھاوشێوەن، بۆ تێکدانی بیروباوەڕی موسڵمانان و بۆ ڕاڤەکردنیان بە ئارەزوی ناپاکی خۆیان، لەحاڵەتێکدا کەس راڤە کردنیان نازانێت تەنھا خوا نەبێت، وە ئەو کەسانەش زانا ودامەزراون لە زانستدا دەڵێن ئێمە بڕوامان پێی ھێناوە، ھەمووی لە پەروەردگارمانەوەیە، تەنھا ئەوانەی کە خاوەنی بیر وژیرین بیر لە مانا و مەبەستەکانی قورئان دەکەنەوە وپەندی لێوەر دەگرن .
   پێنجەم: پشت بەستن بەڕاستیە زانستیە چەسپاوەکان لە راڤەی ئەیاتە کەونیەکاندا، وە ڕووبەڕوو نەبوونەوەی ئەگەرە زانستیەکان لە تەفسیری قورئاندا تا ھەندێ واتای نادروست نەچەسپێنرێن بە قورئانەوە.
   شەشەم: وریابوون لە تەئویل و لێکدانەوەی نارەوا و دووور لە واتاکانی پەیامی خوا و دوور لە راستیەکانی شەریعەتی پاک، ئایا ئیتر بە ئەنقەست بێت یان بەھۆی شارەزا نەبوون بێت لە زمانی عەرەبی و جۆری بەکارھێنانی، یان بەھۆی ئەوەی خەیاڵی چەند واتایەکی نارەوای دوور لە پەیامی خوا دایگرتبێت.
   ھەشتەم: ئیعجازی قورئان:
   ئیعجاز واتە : هێنانی شتێك له‌ كار وكردار و ڕا وپلان‌ كه‌ له‌توانای مرۆڤدانه‌بێت، ئەمەش وەسفێکە دەربڕی بڕێ نیشانە و بەڵگەی تایبەتی پێغەمبەرانی خوایە، لە قورئانیشدا چەمکی ئیعجاز نەھاتووە، بەڵکو چەمکی (الآية)  و (البرھان) و ھاوشێوەی ئەوانە ھاتووە.
   قورئانی پیرۆز فەرمایشتی خوایەو کەمال و تەواوێتی لە واتاکانیدا ھەیەو ئەوپەڕی جوانی لە ئایەت و وشەکانیدا ھەیەو مرۆڤ لەئاستیدا دەستەوسانە، وەک خوای گەورە دەفەرموێت : ﱡﭐﲄﲅ ﲆ ﲇ ﲈ ﲉ ﲊ ﲋ ﲌ ﲍ ﲎ ﲏ  ﱠ  ( ) واتا : بە ئەلیف ، لام ، میم دەخوێنرێتەوە، ئەم قورئانە کتێبێکە ئایەتەکانی بتەو داڕێژراوە، پاشان ڕوونکراوەتەوە لە لایەن خوای کار دروستی زاناوە .
   بێباوەڕان ھەوڵیانداوە گومان بخەنە سەر سەرچاوەی قورئانی پیرۆز و بە درۆ و گومان نانەوە خەڵکی لە قورئان دووربخەنەوە، خوای گەورەش بڕێ ئایەتی نارد کە تیایدا تەحەددای ھەموویان دەکات نموونەیەک لەو قورئانە یان دە سوورەت وەک قورئان، یان تەنھا سوورەتێک وەک قورئان بھێنن ئەگەر راست دەکەن، کەچی نەیانتوانی ئەوە بکەن و دانیان بەوەدا نا، لەبەر ئەوە قورئان ھەرچەندە بە زمانی عەرەبی دابەزیوە بەڵام ناتوانرێت نموونەیەکی وەک قورئان دابنرێت، خوای گەورە دەفەرموێت : ﱡ ﭐ ﲡ ﲢ ﲣﲤ ﲥ ﲦ ﲧ  ﲨ ﲩ ﲪ ﲫ ﲬ ﲭ ﲮ ﲯ ﲰ ﲱ ﲲ  ﱠ  ( ) واتا : ئەی موحەممەد ئەو بێباوەڕانە یان دەڵێن خۆی ئەم قورئانەی ھەڵبەستووە بەدەم خواوە، بۆیە بەوانە بڵێ دەی سورەتێک ھاوشێوەی ئەو بھێنن، بۆ ئەم کارەش ھەرکەسێک کە دەتوانن بانگی بکەن جگە لە خوای گەورە، ئەگەر ئێوە ڕاست دەکەن .
   قورئانی پیرۆز راشکاوانە رایگەیاندووە مرۆڤ و جنۆکەش بە ھەموویانەوە ناتوانن نموونەیەکی وەک قورئان بھێنن ئەگەر چی ھاریکار ویارمەتیدەری یەکتریش بن، وەک فەرموویەتی : ﱡﭐ  ﱌ  ﱍ ﱎ ﱏ ﱐ ﱑ ﱒ ﱓ ﱔ ﱕ ﱖ  ﱗ ﱘ ﱙ ﱚ ﱛ ﱜ ﱝ ﱞ ﱟ ﱠ  ( ) واتا : ئەی موحەممەد بڵێ سوێند بەخوای گەورە ئەگەر ھەموو جنۆکە وئادەمیزاد کۆببنەوە بۆ ئەوەی ھاوشێوە  وێنەی ئەم قورئانە بھێنن ناتوانن بیھێنن، ھەرچەند بۆ ئەم کارە پشتیوانی یەکتریش بن .
   قورئانی پیرۆز موعجیزەیە، چونکە فەرمایشتی خوایە و لە وتەی ھیچ دروستکراوێک ناچێت،  ووشە و ئایەت، و زمانی، و وێنەی رەوانبێژی، و خستنەڕووی ناوی، وه‌ ھەواڵ و بەسەرھاتە راستەکانی، و ھەموو حوکم و تەشریعاتی ناوی، و ھێزی کاریگەری دەروونی و ویژدانی، و راستیە زانستیە ناوازەکانی سەرجەم بەڵگەو نیشانەن لەسەر ئەوەی ئەم قورئانە ووتە وگوفتاری خوای گەورەیە، وھی پێغەمبەر وھیچ مرۆڤێکی تر نیە .
   زانایانی سروشت و گەردوونناسی و ئەوانەی سەرقاڵی زانستەکانی ژیان و پزیشکی و زانستەکانی ترن زۆر سەرسامن بە فەرمایشتی قورئانی پیرۆز کە بڕێک راستی زانستی و ئاماژەی گەردونی پەیوەست بە زانستە تایبەتەکانی ئەو بوارەی لەخۆگرتووە، بە دەستەواژەیەکی وردی زانستی ناتوانیت بڕوا بکەیت ئەمە زادەی نێردراوێکی نەخوێندەواری ناو گەلێکی نەخوێندەوار و جیھانێ بێت کە ھیچیان سەبارەت بەو دیاردانە نەدەزانی، ئەمە وایکرد ژمارەیەکی زۆر لەو زانایانە موسڵمان ببن، چونکە ئەوان تێگەیشتن ئەوەی لە قورئاندا ھاتووە ناکرێت وتەی مرۆڤ بێت، بەڵکو فەرمایشتی بەدیھێنەری مرۆڤ و گەردوونە.
   لە قورئانی پیرۆزدا چەندین ئایەت ھەن کە بەڵگەی تاکوتەنھا بوونی خوای گەورە و باڵادەست وجوانکاری بەدیھێنانیەتی، وەک خوای گەورە فەرموویەتی : ﱡﭐ  ﲽ  ﲾ ﲿ ﳀ ﳁ ﳂ ﳃ ﳄ ﳅ ﳆ ﳇﳈ  ﳉ ﳊ ﳋ ﳌ ﳍ ﳎ ﳏ ﳐ ﳑ ﱠ ( ) واتا : لەمەودوا لە ئاسۆکانی بوونەوەر ودەروونی خۆیاندا بەڵگەکانی خۆمانیان پیشان دەدەین، ھەتا بۆیان ڕوون ببێتەوە بێگومان ئەم قورئانە ڕاست ودروستە و کەلامی خوای گەورەیە، ئایا شاھیدی پەروەردگارت بەس نیە کە بەڕاستی ئاگادارە بەسـەر ھەمو شتێکدا .
   نۆیەم: وەرگێڕانی واتاکانی قورئانی پیرۆز:
   وەرگێڕان بریتیە لە گواستنەوەی وتەیەک لە زمانێکە بۆ زمانێکی تر، وەرگێڕانیش بێ ناڕەحەتی نابێت، چونکە داڕشتنەوەی زمانەوانی بنەڕەتێکی دەقە، زۆرجاریش سەختە بتوانیت لە وەرگێڕانی دەقێکدا واتای تەواوی ئەو دارشتنە زمانەوانیە بپارێزیت.
   ئەگەر ئەمە باری وەرگێڕان بێت بۆ دەقە مرۆییەکان، ئەوە نارەحەتیەکە بۆ وەرگێڕانی واتاکانی قورئانی  پیرۆز زۆر سەختتر دەبێت، چونکە قورئان فەرمایشتی خوایە و بە زمانی عەرەبی دابەزیوە و چ دەق و چ واتایشی ھی خوایە، بۆیە بۆ مرۆڤێ ئاسان نیە بانگەشەی ئەوە بکات توانای زاڵبوونی تەواوی ھەیە بەسەر واتاکانی قورئانی پیرۆزدا، یان بڵێت دەتوانێت بە ھەمان ئەو شێوەی لە دەقە عەرەبیەکەدا ھەیە دەق و دەربڕینەکانی قورئان بە زمانێکی تر داڕێژێتەوە.
   وێڕای سەختی وەرگێڕانی واتاکانی قورئانی پیرۆز، زانایانی موسڵمان جەختیان کردوەتەوە لە گرنگی گەیاندنی قورئان و پەیامەکەی بە ھەموو گەلانی سەر زەوی ئیتر زمانیان ھەر زمانێ بێ، ئەمەش تەنھا لە رێگەی وەرگێڕانەوە دێتەدی.
   وەرگێڕانی واتاکانی قورئان بۆ زمانێکی تر:
   یەکەم: یان دەبێت وەرگێڕانی واتاکانی قورئان بێت، واتە تەنھا وەرگێڕانی تەفسیرە و بە کورتی پەیامی دەقەکانی قورئان روون دەکاتەوە.
   دووەم: یان دەبێت وەرگێڕانی تەفسیرێکی ورد و قووڵ بێت و شیکاری و وردەکاری لەخۆبگرێت کە ئەمەش واتە تەفسیری قورئان بە زمانێکی جیا لە زمانی عەرەبی.
   ھەرچەندە وەرگێڕانی واتاکانی قورئان ورد بێت و ھەرچەندە وەرگێڕ لە ھەردوو زمانەکەدا بەھێز بێت و واتای ئایەتەکانی قورئان بزانێت، ھێشتا ئەو وەرگێڕانە پێی ناوترێت قورئان، ئەمەش لەبەر دوو ھۆکار:
   یەکەم: قورئانی پیرۆز فەرمایشتی خوایە بە زمانی عەرەبی و لە لووتکەی خستنەڕوو و بەھێزیدایە و داڕشتنەوەی ئایەتەکانی بە زمانێکی تر چەمکی قورئانبوونی لێ دادەماڵێت.
   دووەم: وەرگێڕان تێگەیشتنی وەرگێڕ بۆ واتاکانی قورئانی پیرۆز دەخاتەڕوو، ئەمەش لەم روانگەوە لە تەفسیر دەچێت، جا وەک چۆن بە تەفسیر ناوترێت قورئان ئاواش بە وەرگێڕان ناوترێت قورئان.
   بۆ ئەوەی وەرگێڕانی واتاکانی قورئانی پیرۆز جێی رەزامەندی بێت، پێویستە ئەو بنەمایانەی تێدا بێتە دی کە زانایان دایانناوە بۆ روونکردنەوەی واتاکانی قورئان، ھەروەھا وریاش بین وەرگێڕ بە وەرگێڕانەکەی پەردەیەک بەسەر کارەکەیدا نەدات کە مەبەستی بلاوکردنەوەی ھەندێ واتای نادروست بێت بۆ قورئانی پیرۆز، یان گاڵتەو سووکایەتی بێت بە دروشم و پیرۆزیەکانی موسڵمانان، ئەمەش لە وەرگێڕانی ھەندێ لە رۆژھەڵاتناسان و کەسانێکیشدا رەنگی داوەتەوە کە بە ناڕەوا لە موسڵمانان ئەژمار کراون، لەکاتێکدا لە بنەڕەتدا بیروباوەڕێکی پووچ و خراپیان ھەیەو ھەوڵ دەدەن بەھاکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام لەناوبەرن و گورزی خۆیان بوەشێنن لە بیروباوەڕی دروستی ئیسلام و شەریعەتە لێبووردەکەی .
   والحمد للە رب العالمین و صلی اللە علی نبینا محمد و علی آلە و صحابتە أجمعین و التابعین و من تبعھم بإحسان إلی یوم الدین.

 

 

 


پێڕستی بابه‌ته‌كان

م    ناونیشان    لاپه‌ڕه‌
1    ڕێخۆشکردن    1
2    پێناسەیەکی گشتی قورئانی پیرۆز    1
3    دووەم: دابەزینی قورئانی پیرۆز    3
4    سێهەم : نووسینەوەی قورئانی پیرۆز    5
5    چوارەم : کۆکردنەوەی قورئانی پیرۆز لە پەڕاودا    6
6    پێنجەم: ریزبەندی و بەشبەشکردنی قورئانی پیرۆز    7
7    شەشەم: فێربوونی قورئانی پیرۆز    7
8    حەوتەم: تەفسیری قورئانی پیرۆز    8
9    جۆرەکانی تەفسیر    9
10    چاکترین جۆری تەفسیر و مەرجەکانی    9
11    ھەشتەم: ئیعجازی قورئان    11
12    نۆیەم: وەرگێڕانی واتاکانی قورئانی پیرۆز    13
13    وەرگێڕانی واتاکانی قورئان بۆ زمانێکی تر    13